یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیی خۆی لە کەمپەینی 10ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان راگەیاند.دەقی بەیاننامە:
هاونیشتمانانی بەرێز!
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی لاوان! هەموو لایەک ئاگادارین کە کۆمەلێک لە دڵسۆزان و نیشتمانپەروەرانی نەتەوەکەمان لە هەولێکی ماندووی نەناسانەدا کەمپەینێکیان وەرێخستوە تاکوو 10ی خاکەلێوە ساڵرۆژی شەهیدکرانی پێشوای ناوداری نەتەوەکەمان" قازی محمد" وەک رۆژی شەهیدانی کوردستان لە هەموو بەشەکان بە رەسمی بناسرێت و یادی بەرز رابگیردرێت.
دیارە لەمێژ ساڵە حیزبی رێبەری بزوتنەوەی نەتەویی – دێموکراتیکی خەڵکی کوردستان حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ژێر رێنوێنی رێبەری شەهید کاک د.قاسملوو ئەو رۆژەی وەک رۆژی شەهیدانی کوردستان دیاری کردووە و یەکیەتیی لاوانیش لەو کاتەوە هەموو سالێک لە 10ی خاکەلێوەدا یادی شەهیدانی سەربەرزی کورد و کوردستان بەرز راگرتووە، ئێمە لە یەکیەتیی لاوان هەرچەند لە کۆنفرانسی نەتەوەیی لاوانی هەرچوارپارچەی کوردستان ، هاورێ لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی کوردستانی ئێران داوامان کرد کە 10ی خاکەلێوە وەک رۆژی شەهیدانی کوردستان دیاری بکرێت و پێشنیارەکە بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی بەرز کراوەتەوە، پشتیوانی خۆمان بۆ کەمپێنی 10ی خاکەلێوە دەردەبرین و ئامادەی هەموو هاوکارییەکین و داوا لەسەرجەم لایەنە پێوەندیدارەکان بە تایبەت بەرێز سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و بەرێز پارلمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسیی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەموو بەشەکانی کوردستان دەکەین لە سەرخستنی ئەو ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەدا یارمەتیدەرمان بن.
یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
هەیئەتی ئیجرایی
19/1/91